لەخستنە ڕووی ئەم بابەتەدا هەوڵ دەدەم ئەو بانگەشانە پوچەڵ بكەمەوە كەپێیان وایە فیقهی ئیسلامی‌ و بنەماكانی كەوتوونەتە ژێر كاریگەری فیقهی ڕۆژئاوا‌ و بنەماكانی بەتایبەتی یاسای ڕۆمانی.

ڕۆژهەڵاتناسان(١) و هەندێ لە یاساناسانی جیهانی عەڕەبی و ئیسلامی بانگەشەی ئەوەیان دەكرد كە فیقهی ئیسلامی كاریگەریی فیقهی ڕۆژئاوای لەسەر بووە، بەتایبەتی یاسای ڕۆمانی، زۆر بیروڕای لەوەوە وەرگرتووە، بەتایبەت ڕێسا فیقهییەكان كە بەپێی بانگەشەی ئەوان لە تۆماركراو(مدونە)ی (گۆستنیان) ٢2) وەرگیراوە.
ئەو تۆمەتەش هیچ بنچینەیەكی نیە، بەڵكوو هەڵبەستراوی بانگەشەی ڕوخاوی ئەو كەسانە خۆیانە بەپێی ئەم بەڵگانە: (٣)
یەكەم: فەقیهە موسوڵمانەكان كاتێ‌ هەستان بە دانان و نووسینی مەزهەبەكانیان، هیچ كامیان زمانی فەڕەنسی یان ئەڵمانی یاخود ئینگلیزی یان ڕۆمانی نەزانیوە، تا بكەوێتە ژێر كاریگەری بیروڕای فەقیهەكانی یاسای ڕۆژئاوا، بەڵكوو فەقیهەكانی شەریعەتی ئیسلام دابڕاو بوون لە جیهانی دەرەوە، بگرە بۆ وڵاتەكەی خۆیانیش، هەریەكەیان مەدرەسەیەكی تایبەت بەخۆی هەبوو، وانەی تێدا دەگوتەوە و ئیجتیهادی تێدا دەكرد و بیری تێدا دەكردەوە و هەڵدەستا بە شیكردنەوە و لێكدانەوە و شرۆڤە و وەبەرهێنانی فیقهی بەجۆرێك كە لە جیهانی دەرەوە و ناوەوە دابڕابوو، فیقهـ و ڕاوبۆچوونەكانیشی لە قوڕئانی پیرۆز و سوننەتەكانی پێغەمبەر و هاوەڵان و شوێنكەوتوان(ڕەزای خوایان لێ‌ بێت) وەردەگرت.
دووەم: بە پێچەوانەی ئەو تۆمەتانەی پێشەوە، بوارێكی فراوان هەبوو بۆ ئەوەی فیقهی ڕۆژئاوا بكەوێتە ژێر كاریگەری فیقهی ئیسلامی و ئەو بوارەش خۆی لەو نووسراوانەی فیقهی ئیسلامی پاش جێگیربوونی و گەیشتنی بە ڕۆژئاوادا دەبینیەوە، ئەمەش لە دوو ڕێگەوە:
ڕێگەی یەكەم: ڕزگاركردنی ئەندەلوس لەلایەن موسوڵمانانەوە:
ئایینی ئیسلام پاش گەیشتنی بە باكوری ئەفریقیا ساڵی ٧١١ز.ی بەرامبەر بە ساڵی ٩٣ك. گەیشتە ئەندەلوسی (ئیسپانیای ئێستا)، پاشان گەیشتە باشووری فەڕەنسا و چووە وڵاتی (لیۆن) و (نوور) و (بواتیا) و (فینیون)، تا كاتی ڕوخانی غەرناتە لەساڵی ١٤٩٢ز بەرانبەر ساڵی ٩٧٧ك فەرمانڕەوایی ئیسلامی بەردەوام بوو، بەو هۆیەشەوە شەریعەتی ئیسلام زیاتر لە ٧٠٠(٤) ساڵ لە ئەورووپا كاری پێ كرا.
فیقهی پەڕەوكراویش لە ئەندەلوس فیقهی پێشەوا ئەوزاعی بوو، پاشان لەڕێی زیادی كوڕی عەبدوڕڕەحمان و لە سەردەمی هیشامی كوڕی عەبدوڕڕەحمان ساڵی ١٧١ك. ی فیقهی مالیكی جێگەی فیقهی ئەوزاعی گرتەوە و ئەم مەزهەبە لەوێ‌ بڵاو بوویەوە و بە درێژایی ماوەی فەرمانڕەوایی ئیسلامی لە ئەندەلوس كاری پێ كرا.
توێژەرەوان لە بەراوردی نێوان یاسای مەدەنی فەڕەنسی ناسراو بە یاسای (كودناپلیۆن) كە لە ساڵی ١٨٠٤ز دەرچووە و فیقهی پێشەوا مالیك بە بەڵگەی واقیعی و بەراورد بۆیان دەركەوتووە كە یاسای مەدەنی فەڕەنسی بەرێژەی ٤٠% كەوتۆتە ژێر كاریگەری فیقهی پێشەوا مالیك. (٥)
ڕێگەی دووەم: دروستبوونی پەیوەندی و نزیكی لەنێوان دەوڵەتی ئیسلامی عوسمانی و هەندێ‌ لە وڵاتانی ئەورووپا:
ئەو پەیوەندییانە پاش دامەزراندنی دەوڵەتی عوسمانی و گەیشتنی سوڵتان (محمد الفاتح) بە ئەستانە ساڵی (١٤٥٣ز) دروست بووە و پاش ئەوەی فتوحاتی ئەو دەوڵەتە زۆر فراوان بوو و باڵادەست بوو بەسەر وڵاتانێكی زۆری ئاسیا و باكووری ئەفریقیا و ئەورووپا، ئیدی یاسا لاتینییەكان و جیرمەنییەكان كەوتنە ژێر كاریگەری فیقهی ئەبوحەنیفە(ڕەحمەتی خوای لێ‌ بێت) كە مەزهەبی فەرمی دەوڵەتی عوسمانی بوو. (٦)
لە نموونەكانی كە یاساكانی ڕۆژئاوا كەوتۆتە ژێر كاریگەری فیقهی ئیسلامی، ئەمانە دەخەینە ڕوو:
یەكەم: كاریگەری فیقهی مالیكی لەسەر یاسای فەڕەنسی:
أ- گرێبەستی ڕازیمەندانە (العقد الرضائی) و بنەماكانی:
بریتییە لەو گرێبەستانەی كە تەنها بەڕەزامەندی هەردوولایەنی گرێبەستەكە كە مەرجەكانی كەسی گرێبەستگریان تێدابێت، بەبێ‌ پێویستی شێوەیەكی دیاریكراو كە لە یاسای ڕۆمانیدا هەبووە و یاسای فەڕەنسی كەوتبوە ژێر كاریگەریی یەكەمجار و پاش ئەویش یاسای وڵاتە عەڕەبیەكان كە كەوتبووە ژێر كاریگەری یاسای فەڕەنسی، لەوەوە وەریانگرت، بۆ نموونە ماددەكانی (١١٠٨- ١١٢٢)ی یاسای مەدەنی فەڕەنسی، بەشی چوارەم، لەژێر ناونیشانی (مەرجەكانی دروستی گرێبەست و حوكمەكانی گرێبەستی ڕازیمەندانە)، ئەوەی لەو یاسادا هاتووە هەمان شتی فیقهی مالیكییە.
ب- (أحكام العاریة- حوكمەكانی خواستن): كە یاسای فەڕەنسی لە ماددەكانی (١٨٧٥- ١٨٩٤) لەژێر كاریگەری فیقهی مالیكیدا چارەسەری كردووە.
ج- كەوتنە ژێر كاریگەری یاسای فەڕەنسی بە فیقهی مالیكی لە زۆرێك لە ئەحكامەكانی فرۆشتن(٧) و پێكهێنەرەكانی كە یاسای مەدەنی فەڕەنسی لە ماددەكانی ١٥٨٢- ١٧٠٧ لەخۆی گرتووە.
د- فرۆشتنی بەجێهێنان (بیع الوفا‌ء): ئەمەش بریتییە لەو فرۆشتنەی مەرجی ئەوەی تێدایە كە فرۆشیار هەركاتێ نرخەكەی دایەوە كڕیار، فرۆشراوەكەی بۆ بگێڕێتەوە(٨)، ئەویش لە حوكمی فرۆشتنی ڕێپێدراو و جێبەجێكراوی ناپێویستدایە لەڕووی سوودوەرگرتنی كڕیار لێی، هەروەها لە حوكمی فرۆشتنی (فاسد) لەو ڕووەوە كە هەریەكە لە گرێبەستكاران توانای پوچەڵكردنەوەیان هەیە، هەروەها لە حوكمی ڕەهن دایە بەوەی كە كڕیار ناتوانێت بیفرۆشێت بە كەسی دیكە.
پوختەی قسە ئەوەیە كە دەكرێت گرێبەستی فرۆشتنی بەجێهێنان (بیع الوفا‌ء) بەو گرێبەستانە دەگونجێندرێت.
بەڵگەنەویستە كە ئەم فرۆشتنە لە داهێنانی فەقیهەكانی حەنەفی نیشتەجێی ئەوبەری ڕووبارە بەر لەوەی یاسای فەڕەنسە جێبەجێكراوی هەمواركراو لەخۆی بگرێت، چونكە ئەو یاسایە ساڵی ١٨٠٤ز دانراوەو ئەو یاسایە و ئەوەی پاشتری لە بەشی یەكەم، دەروازەی سێیەم، لەژێر ناونیشانی (هەڵوەشاندنەوەی فرۆشتن و پوچەڵكردنەوەی) لەخۆگرتووە و ئەو یاسایە لە ماددەكانی (١٦٥٩- ١٦٧٣) باسی كردووە.
ه- مافەكانی هاوشانێتی (حق الإرتفاق) یان مافە ناچاریەكان (الحقوق القسریة): ئەویش بریتییە لە مافی هاتوچۆ(٩) و مافی ئاوخواردنەوە(١٠) و مافی ئاوڕۆیشتن (المسیل)(١١) و مافەكانی دیكەی هاوشانێتی.
یاسای مەدەنی فەڕەنسی ئەو مافانەی لە فیقهی ئیسلامی وەرگرتووە و چارەسەری كردووە لەژێر ناونیشانی (مافە ناتەواوە زەمینیەكان) لە كتێبی چوارەم، ماددەكانی (٦٢٧- ٧١٠) لە ماددەی (٦٢٧)ی یاسای مەدەنی فەڕەنسیدا هاتووە كە مافی (ناچاری) بریتییە لە هەبوونی مافی زەویەك لە زەویەكی دیكەدا بەبێ‌ ئەوەی ئەو خاوەنەی كە سوودمەند دەبێت لە زەویەكەی دیكە یەك كەس بێت. لە (المقارنات التشریعیة) (١٢)دا هاتووە، جێبەجێكردنی یاسای مەدەنی و تاوانكاری (جنائی) بەپێی مەزهەبی پێشەوا مالیك، مافە ناچارییەكانی زەوی بریتییە لە پەیدابوونی مافی زەوییەك لەسەر یەكێكی دیكە بەبێ‌ ئەوەی خاوەنەكەی یەك كەس بێت بۆ سوودمەندبوون لە زەوییە باسكراوەكەی دیكەی، بنچینەی شایستەبوونی ئەم مافە ناچارییانەیان بەهۆی شوێنی سروشتی و پێویستی سروشتی زەوییەكەیە بۆ ئەو مافە، یاخود بەپێی ڕێكخستنی یاساكان بۆ ئەو مافە، یان بەرێككەوتنی نێوان خاوەن موڵكەكان لەنێوان خۆیاندا بەدی هاتووە، زەوی نزم ملكەچ دەكرێت بە ڕازیبوون بە بەركارهێنانی ئاوی زەوییە بەرزەكان كە خۆی دەڕوا، بەبێ‌ ئەوەی دەستی كەسی تێدابێت لە هیچ بارێكدا ڕێگە بە خاوەن زەوییە نزمەكان نادرێ كە بەنداو یان پرد دروست بكات و ڕێ بگرێت لە چوونی ئەو ئاوە بە زەویەكەیدا، هەروەك ڕێگە نادرێ بە خاوەنی زەوییە بەرزەكان كارێ‌ بكات زیانی هەبێت بۆ زەوییە نزمەكان. (١٣)
شایانی باسە كە ئەو ژمارانەی باسمان كرد سەبارەت بە یاسای فەڕەنسی لەكاتی ئێستادا گۆڕانی بەسەردا هاتووە پاش ئەو هەمواركردنانەی بەسەر ئەو یاسایەدا هاتووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەمانتوانی ژمارە هەمواركراوەكانمان دەست بكەوێت، بۆیە تەنها ژمارە كۆنەكانمان بەكارهێنا، چونكە ئەوەی لێرەدا بەلای ئێمەوە گرنگە خستنەڕووی كاریگەربوونی فیقهی ئیسلامییە لەسەر یاسای فەڕەنسی و شتە ڕووكارییەكان سەرەڕای گرنگیان هیچ كاریگەریی نیە لێرەدا لەبارەی ئەو كاریگەرییەی باسمان كرد.
دووەم: كاریگەری فیقهی ئیسلامی لەسەر یاسای ئەڵمانی:
لە نموونەكانی كاریگەریی فیقهی ئیسلامی لەسەر یاسای ئەڵمانی لەڕێی خەلافەتی عوسمانییەوە گۆڕانی ئەو گرێبەستەیە كە یاسای مەدەنی ئەڵمانی لە ماددە ١٤٤دا چارەسەری كردووە.
ڕووكاری ئەو گۆڕانەی گرێبەستەكە بریتییە لەوەی كە گەر گرێبەستەكە پوچەڵ بوو، لە هەمان كاتدا بنەماكان و ڕەگەزەكانی گرێبەستێكی دیكەی تێدابوو، یان هی كارێكی تر، ئەوا دەگواسترێتەوە بۆ ئەوەی دیكە بەپێی بۆ گۆڕاوەكە هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكرێت، هەروەك لە ماددە ١٤٠ی یاسای مەدەنی كارپێكراوی میسریدا هاتووە و دەڵێ ئەگەر گرێبەست پووچەڵ بوو یان ئەگەری پوچەڵكرانی هەبوو، لە هەمان كاتدا بنەماكانی گرێبەستێكی دیكەی تێدابوو، ئەوا گرێبەستەكە بەڕاست دادەنرێ بەو پێیەی كە گرێبەستەكە بنەماكانی تێدایە، گەر ڕوون بوویەوە كە نیەتی هەردوو گرێبەستكار بریتی بووە لە بەستنی ئەو گرێبەستە، ئەم دەقەش لە دەربڕینی گشتیدا بڕیاری گۆڕانی گرێبەستەكەیە، خوالێخۆشبوو زانای ناسراو سەنهوری(١٤) دەڵێت بیردۆزەی گۆڕانی گرێبەست بیردۆزەیەكی ئەڵمانییه‌ و فەقیهە ئەڵمانییەكان دایانڕشتووە لە دەقێكی ڕووندا كە ئەویش ماددەی ١٤٤ و لەسەر ئەم بنەمایەی یاسای مەدەنی ئەڵمانیش یاسای نوێی میسری داناوە، دەرەنجامەكە لەوەدا چڕ دەبێتەوە كە هەڵسوكەوتەكە پووچەڵە كە سەڕەڕای پوچەڵیەكەی ڕەگەزەكانی هەڵسوكەوتێكی دیكەی تێدایە، بۆیە هەڵسوكەوتەكە بۆ ئەوەی كە مەبەست بووە لای هەردوو گرێبەستكار كە ئەویش بریتییە لە هەڵسوكەوتە پوچەڵەكە بۆ هەڵسوكەوتەكەی دیكە، بەمەش هەڵسوكەوتە پوچەڵكراوەكە شوێنەوارێكی یاسایی هێناوەتە ئارا نەك وەك واقیعەتێكی ماددی، بەڵكوو وەك هەڵسوكەوتێكی یاسایی، بەڵام شتێكی لابەلای بەرهەم هێناوە.
مەرجەكانی گۆڕان:
گۆڕینی هەڵسوكەوتی پوچەڵ بۆ هەڵسوكەوتێكی دیكە پێویست دەكا ئەم سێ‌ مەرجەی تێدا بەدی بێت:
یەكێكیان پوچەڵی هەڵسوكەوتە سەرەكییەكەیە، پێویست دەكا هەڵسوكەوتی بنچینەیی یان هەڵسوكەوتێكی پوچەڵ بێت یان هەڵسوكەوتێك بێ بكرێ پوچەڵ بكرێت و پوچەڵیش كرابێت و ڕێگە نادرێت كە هەڵسوكەوتەكە ڕاست و دروست بێت و یان بەشێكی هەڵسوكەوتە پوچەڵ بێت و بەشەكەی دیكەی ڕاست و دروست.

دووەمیش هەڵسوكەوتە بنچینەییە پوچەڵەكە ڕەگەزەكانی هەڵسوكەوتێكی دیكەی تێدابێت كە بۆی دەگوازرێتەوە، بەو مانایەی پێویستە هەڵسوكەوتێكی دیكە بوونی هەبێت كە هەڵسوكەوتە بنچینەییەكەی بۆ دەگوازرێتەوە.
بۆ نمونە كە قەرزار كۆمپیالەیەكی دا بە خاوەن قەرز كە شێوەی پێویستی یاسایی لەخۆ گرتبوو ئەوا پوچەڵ دەبێ و دەگوازرێتەوە بۆ چەكی (سەنەد)ی قەرزی ڕاستی ئاسایی، هەروەك ماددە (١٠٨)ی یاسای بازرگانی میسری باسی كردووە، بەڵام ئەگەر قەرزار بەر لەو كۆمپالەیە سەنەدێكی ئاسایی دابوو بە خاوەن قەرز ئەوا ناگوازرێتەوە بۆی.
هەروەها كاریگەربوونی فیقهی ڕۆژئاوا بەتایبەت یاسای مەدەنی ئەڵمانی بە فیقهی حەنەفی لە گوێزرانەوەی شوێنەواری هەڵسوكەوتەكە لە ماف و پابەندییەكان بۆ بریكار ئەگەر بریكارەكەی هەڵسوكەوتەكەی دایە پاڵ خۆی، بۆ كەسەكەی دیكەش كە بریكارەكە هەڵسوكەوتەكەی لەگەڵ كراوە بگەڕێتەوە بۆ لای كەسە بنچینەییەكە سەرەڕای بێ‌ ئاگابوونی بەوەی كە بریكارەكەی كە بەناوی كەسە بنەڕەتیەكەوە هەڵسوكەوتی كردووە نەك ناوی خۆی. (١٥)
شایانی باسە كە فیقهی ڕۆژئاوا بۆ ئەوە چووە كە شوێنەواری گرێبەستەكە و بەشێوەیەكی تایبەتی حوكمەكەی (پابەندییەكانی) بۆ ناگوازرێتەوە ئەگەر بریكارەكە هەڵسوكەوتی بریكاركراوی تێدا بەناوی خۆیەوە كردبوو.
تێبینی ئەوە دەكرێت ئەوەی زانای ناودار سەنهوری گومانی پێ‌ بردووە كە بیرۆكەی گوێزرانەوەی گرێبەست لە داهێنانی فەقیهەكانی ئەڵمانیایە و ئەو بیرۆكەیە لە ماددە (١٤٤)ی یاسای مەدەنی ئەڵمانی بەشێوەیەكی یەكنەگرەوە لەگەڵ واقیع تۆمار كراوە، ئەمەش كە بەر لەوەی ئەو بیرۆكەیە لە داهێنانی فەقیهە موسوڵمانەكانە و گوێزراوەتەوە بۆ فیقهی ئەڵمانی و یاساكەی لەڕێگەی بەریەككەوتنی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتی ئەڵمانی بوو.
لە فیقهی ئیسلامیشدا جێبەجێكردنی زۆر دەبینرێت لە بابەتی گوێزڕانەوەی ئەو گرێبەستەی كە هەبووە بە سەدان ساڵ بەر لە یاسای ئەڵمانی و لەو جێبەجێ‌ كراوانەش ئەمانە:
١- ئەو كەسەی وەسیەت بكات بۆ كەسێك كە لەنێوان ئەو و كەسەكەدا پەیوەندی خزمایەتی یان هاوسەرگیری نەبێت كە ئەو دوانە هۆكاری میرات گرتنن، بەوەی وەك میراتگرێكی شەرعی ببێتە میرانگری، ئەو وەسیەتە پوچەڵ دەكرێتەوە و دەبێتە وەسیەتێكی ڕەها و ئەو كەسەی وەسیەتەكەی بۆ كراوە وەك ئەو كەسەی دەدرێتێ لە میراتگرەكان كە كەمترین بەشی هەیە. وەك وەسیەت نەك وەك میرات. بۆ نمونە ئەوەی مرد و دایك و كوڕ و وەسیەت بۆكراوێكی بەجێ هێشت، ئەوا دایكەكە شەش یەك و وەسیەت بۆكراوەكە شەش یەك و كوڕەكەش ئەوانی دیكە دەبات.
٢- گرتنەئەستۆ، كە بریتیە لە دانەپاڵی ئەستۆی یەكێك بۆ ئەستۆی كەسێكی دیكە لە داواكردنی شتێكدا، واتە یەكێك ئەستۆی خۆی بداتە پاڵ ئەستۆی یەكێكی دیكە و پابەند بێت بەو مافەی لەوەدا پێویست دەبێت. ئەگەر تیایدا بە مەرجی دانا كە لەئەستۆگرەكە، قەرزارە ڕاستەقینەكە بگرێتە ئەستۆ، سەرەڕای ئەوەی قەرزارەكە توانای هەبێت و ئامادەی دانەوەی بێت، پوچەڵ دەبێتەوە، بەو پێیەی لە ئەستۆگرتنەكە بوو بە (حوالة).

٣- (حوالة) ئەگەر تیایدا بە مەرج گیرا كە ئەستۆی (حوالة)دەرەكە لە قەرزەكە پاك نەبێتەوە، بەوەی كە (احالە)كراوەكە بۆی هەبێت بگەڕێتەوە سەر قەرزاكە (احالة)دەرەكە و (احالة) بۆدراوەكە لە هەمان كاتدا، ئەگەر (احالة) بۆ دراوەكە دانەوەی قەرزەكەی بەجێ‌ نەگەیاند یان نەیتوانی، (حوالة) بەتاڵ دەبێتەوە و دەبێتە ئەستۆگرتن.
٤- نوێنەرایەتی دوای مردن سەرپەرشتییە، سەرپەرشتی لەژیاندا نوێنەرایەتیە، ئەگەر كەسێك بە یەكێكی دیكەی گوت وەسیەتت بۆ دەكەم ئیمڕۆ ئۆتۆمبیلەكەم بۆ بفرۆشیت بەوەندە، ئەوە نوێنەرە، ئەگەریش پێی بڵێت تۆ دوای مردنم نوێنەری منیت، ئەوە سەرپەرشتیارە.
٥- فرۆشتن بە ڕەتكردنەوەی بەهاكەی بەخشینە، بەكرێدان بە ڕەتكردنەوەی كرێ‌ خواستنە (عاریە)، خواستن بە مەرجی كرێ‌ بەكرێدانە.
بەو شێوەیە سەدان جێبەجێكردن هەیە لە فیقهی ئیسلامیدا، بەر لە یاسای ئەڵمانی بە سەدان ساڵ جێبەجێ‌ كراوە.
سێیەم: كاریگەریی فیقهی ئیسلامی لەسەر یاسای ئینگلیزی:
ئەو یاسایە لە بابەتی بیردۆزەی دۆخە ناكاوەكان بە فیقهی ئیسلامی كاریگەر بووە، كە یاسا ڕۆژئاوایی و عەڕەبییەكان تەنها لەرێی فیقهی ئیسلامییەوە پێناسەیان كردووە.
جێی ئاماژەیە كە پەیوەندی بەتین هەیە لەنێوان زەڕوورەت و بیردۆزەی دۆخە ناكاوەكان، كە شەریعەتی ئیسلامی چارسەری كردووە و یاسا ڕۆژئاوایی و عەڕەبییەكان پێی كاریگەر بوون، تەنها ئەوەی ئەو یاسایانە بە مەرجیان گرتوە كە دۆخە ناكاوەكە گشتی بێت وەك جەنگ و كارەساتە سروشتییەكان، بەڵام فیقهی ئیسلامی ئەوە بە مەرج ناگرێت، بەڵكوو دەشڵێت بیردۆزەكە جێبەجێ‌ بكرێت، ئەگەریش دۆخە ناكاوەكە تایبەت بێت بە یەك لایەنەوە، دۆخی ناكاوی تایبەت بە قەرزار لە یاسادا بیانوو نیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست یان دەستكاریكردنی پابەندییە ماندووكەرەكە(مرهق).
مانای بیردۆزەی دۆخە ناكاوەكان ئەو ڕووداوە مادییە پێشبینی نەكراوانەیە كە ناكرێت بەر لە ڕوودانی ڕێگریی لێ‌ بكرێت. بەجۆرێك وادەكات بەجێگەیاندنی پابەندییەكانی قەرزارەكە لە ئەنجامی گرێبەستێك كە جێبەجێكردنەكەی بەردەوامە، قورس بكات. ئەمەش بیانو بە قازی دەدا كە دوای داواكاری قەرزارەكە، دەستی تێ وەربدات و پابەندیە جێبەجێكردن قورسەكە ڕێك بخات تا ئاستێكی گونجاو، كە قورسی لابەرێت، یان بە كەمكردنەوەی بابەتی پابەندییەكە لەڕووی بڕەوە یان لەڕووی چۆنێتییەوە، یان بە زیادكردنی خەرجیی تێچوونی بابەتی پابەندییەكە.
ڕەگەزەكانی بیردۆزەی دۆخە ناكاوەكان:
ڕەگەزی هەموو شتێكك ئەوەیە كە بوونی لەسەری وەستاوە، ئەگەر بەشێكی بوو لێی ئەوا دەبێتە پایە (ڕوكن)، ئەگەرنا دەبێتە مەرج، ڕەگەزەكانی وەك لە پێناسەكەی دەردەكەوێت ئەمانەیە:
یەكەم: هۆكاری پابەندیەكە گرێبەستێك بێت، هەموو گرێبەستێك دوای دروستییەكەی و جێبەجێ‌بوون و پێویست بوونەكەی، بۆ هیچ یەك لە دوو لایەنەكەی نیە هەڵی بوەشێنێتەوە، بە پێچەوانەی (فاسد) یان وەسێنراو (جێبەجێ‌ نەكراو) یان ناپێویست، یان ئەگەری پوچەڵكردنەوەی هەبێت (كە زاراوەیەكی فیقهی ڕۆژئاواییە و هەرسێ‌ باسكراوەكەی فیقهی ئیسلامی دەگرێتەوە)، (فاسد) قازی دەتوانێت پوچەڵی بكاتەوە، وەستێنراویش ئەوەی مافی ڕێپێدانی هەیە بۆی هەیە ڕه‌تی بكاتەوە، ناپێویست(غیر لازم)یش بۆ هەردوو لا، وەك گرێبەستی نوێنەرایەتی بۆ هەر لایەك هەیە پوچەڵی بكاتەوە، ئەگەر مافی هی دیكەی پێوە بەند نەبوو. ناپێویست بۆ یەكێك لەلایەنەكان، وەك گرێبەستی بارمتە (ڕەهن) بۆ قەرزدەری بارمتە(ڕەهن) دانەر هەیە پوچەڵی بكاتەوە بە پێچەوانەی قەرزاری ڕەهن وەرگرەكە، چونكە بۆ ئەو پێویستە، وەك گرێبەستی (كەفالەت)، كەفالەت بۆكراو بۆی هەیە پوچەڵی بكاتەوە نەك كەفیلەكە، وەك پوچەڵكردنەوەی گرێبەست لە گرێبەستێك كە بواری پوچەڵكردنەوەی هەیە بۆ ئەوەی كە بڕیارە بواری پوچەڵكردنەوەكە بۆ بەرژەوەندی ئەو بێت، هەروەك قازی بۆی هەیە گرێبەستی گوێڕایەڵی رێك بخات ئەگەر مەرجەكان لەسەروی ئاساییەوە بن، هەروەها بۆی هەیە مەرجی سزایی هەڵوەشێنێتەوە.
دووەم: جێبەجێكردنی گرێبەستەكە بەردەوام بێت، بەوەی كات ڕەگەزێكی جەوهەری بێت لە پێكهاتنیدا، وەك گرێبەستی هەناردەكردن و بەكرێدان و بەڵێندەرایەتی و هاوشێوەكانیان، بەپێچەوانەی ئەو گرێبەستانەی یەكسەر جێبەجێ‌ دەكرێن، وەك فرۆشتن، ئەگەریش جێبەجێكردنی دوابخرێت.
سێیەم: دۆخەكە چاوەڕوانكراو نەبێت، وەك دۆخی جەنگ و ڕووداوە سروشتییەكانی وەك زەمین‌لەرزە و لافاو و گڕكان و ئاگركەوتنەوە و هاوشێوەكانیان، جا ئەگەر چاوەڕوانكراو بێت جێگەی جێبەجێ‌كردنی نابێت.

چوارەم: دۆخەكە گشتی بێت، ئەگەر تایبەت بێت وەك ئیفلاسكردنی قەرزار و نەتوانینی جێبەجێ‌ كردنی پابەندیەكانی، دەبێتە بواری جێبەجێ‌ كردنی بیردۆزەكە لەفیقهی ئیسلامیدا، بەپێچەوانەی یاسا و فیقهی ڕۆژئاوا، كە دۆخەكە مەرجە گشتی بێت وەك دۆخی جەنگ.
پێنجەم: دۆخەكە وانەكات كە جێبەجێ‌كردنی پابەندیەكە مەحاڵ بێت وەك هێزێكی زاڵ، ئەگەرنا گرێبەستەكە ڕاستەوخۆ بە حوكمی یاسا هەڵدەوەشێتەوە، وەك لە حاڵەتی لەناوچوونی گرێبەست لەسەر كراوەكە بەر لە جێبەجێ‌كردنی بە هۆی هێزێكی زاڵەوە.
كاریگەریی بیردۆزەكە ڕێكخستنی پابەندیی قەرزارە كە باری قورس بووە، یان بە كەمكردنەوەی بابەتەكەی لە چەندێتی و چۆنیەتی، یان زیادكردنی بڕی تێچوونیش بێت.
بناغەی بیردۆزەكە زەڕوورەتە، كە حاڵەتێكی تایبەتمەندە، ناچارەكە هان دەدات بۆ ئەنجامدانی قەدەغەكراو بۆ لابردنی مەترسییەكەی.
یاسا لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامیدا ناكۆك نییە لەوەی كە پەیوەندیی بەهێز هەیە لە نێوان زەڕوورەت و بیردۆزەی دۆخی ناكاو، تەنها ئەوەندە نەبێت وەك پێشتر باسمان كرد، لەوەدا جیاوازن كە بەمەرجی دادەنێت دۆخە ناكاوەكە گشتی بێت، دۆخی ناكاوی تایبەت بە قەرزارەكە بیانوو نیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست یان ڕێكخستنەوەی پابەندیی قورس. ئاشكرایە كە گشتییەتی ڕووداویی هەڵاوێرد(استسنائی) پێچەوانەی بنەمای دادپەروەرییە كە بیردۆزەكە لەسەری بنیاتنراوە، هەروەك یاسا دەستكردەكان جیاڕان لە كاریگەریی بیردۆزەكە لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست یان ڕێكخستنەوەی پابەندی لە ئەنجامی گرێبەستەكە.
یاسای ئینگلیزی لە ڕێگای پەیوەندی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و دەوڵەتە ئەورووپییەكانەوە بەو بیردۆزەیە كاریگەر بوو.
فەلسەفەی بیردۆزەكە:
ئاشكرایە كە فەلسەفەی هەموو شتێك بریتییە لە ئامانج و مەبەستەكانی، فەلسەفەی بیردۆزەی دۆخە ناكاوەكان بریتییە لە بەدیهێنانی دادپەروەری، دادگای ئینگلیزی بنەمای دادپەروەریی گرتوەتە خۆی كە لە چەندین حاڵەت پیادەی كردووە كە نزیك بووە لەو حاڵەتانەی بیردۆزەی دۆخە ناكاوەكانی تێدا پیادە دەكرێت، وەك:
أ- ئەگەر ئەو شتەی گرێبەستی لەسەر كراوە دوای بەستنی گرێبەستەكە لەكار كەوت.
ب- ئەگەر چەسپا كە هەردوو لایەن بە مەبەستی پاراستنی شتێك گرێبەستیان كردووە، وەك لە كاتی بەستنی گرێبەستەكە بۆیان دەركەوتووە، پاشان ئەو حاڵەتە نەماوە.
ج- ئەگەر جێبەجێكردنەكە دواكەوت بەهۆیەكی چاوەڕوان‌نەكراو لەكاتی بەستنی گرێبەستەكەدا، یان دواخستنەكە درێژەی كێشا بەجۆرێك بووە هۆی گۆڕانێكی تەواو لە سروشتی جێبەجێكردنەكە(١٦).
لەو یاسایانەی بە دەقی تایبەت ڕێكخستنی حوكمی بیردۆزەیی لەخۆ گرتووە، یاسای پۆلۆنی (م٢٦٩) و ئیتاڵی (م٤٦٧) و یۆنانی (م٣٨٨) و میسری (م٣٤٧) و سوری (م٣٤٨) و عێڕاقی (م١٤٦) و لیبی (م١٤٧) و كوێتی (م١٤٦) و ئەردەنی (م٢٠٥) و یەمەنی (م٢١٤).
شەریعەتی ئیسلامی، ڕەفتارەكانی ئادەمیزادی لە حاڵەتە زەروورییەكان، لەسەر كۆمەڵێك بنەما و پێگە بنیات ناوە، كە لە دەقەكانی قوڕئان و سوننەتی پێغەمبەردا چەسپاوە، ئەوەش بە گۆڕانی كەسەكان ناگۆڕێت و بە كات و شوێن ناگۆڕێت، لەو بنەمایانە:
١- (لا ضرر ولا ضرار) واتە ناشێت هیچ زیانێكی ماددی یان مەعنەوی، یان ماڵی یان جەستەیی بە كەسانی دیكە بگەیەنرێت بەبێ‌ حەق، (ولا ضرار) واتە ناشێت لە بابەتە مەدەنییەكاندا زیان بە زیان وەڵام بدرێتەوە، بەپێچەوانەی تاوانەكانی تۆڵە، ئەوانە دەشێت هاوشێوەی بەرامبەر بكرێت، وەك لە قوڕئاندا هاتووە: [وَكَتَبْنَا عَلَيْهِمْ فِيهَا أَنَّ النَّفْسَ بِالنَّفْسِ وَالْعَيْنَ بِالْعَيْنِ وَالأَنفَ بِالأَنفِ وَالأُذُنَ بِالأُذُنِ وَالسِّنَّ بِالسِّنِّ وَالْجُرُوحَ قِصَاصٌ](١٧).
٢- (الضرر يُزال). واتە: زیان لادەبرێت.
٣- (الضرورات تجيز المحظورات). واتە: زەروورەت بوار بە ڕێپێنەدراوەكان دەدات.
٤- (الإضطرار لا يبطل حق الغير). واتە: ناچاربوون مافی كەسانی دیكە پوچەڵ ناكاتەوە.
٥- (الضرر يُدفع بقدر الإمكان). واتە: زیان بەپێی توانا لادەبرێت.
٦- (الضرورات تُقدر بقدرها). واتە: پێویستییەكان بەپێی ڕادەی خۆیان دەپێورێت.
٧- (الضرر الأشد يُزال بالضرر الأخف). واتە: زیانی توندتر بە زیانی سوكتر لادەبرێت.
٨- (إذا تعارضت مفسدتان روعي أعظمهما ضررا لإرتكاب أخفها). واتە: ئەگەر دوو خراپ كەوتنە بەرامبەر یەكدی، ڕەچاوی ئەوەیان دەكرێت كە زیانی گەورەترە بەوەی سوكترەكەیان ئەنجام بدرێت.
ئاشكرایە كە هۆكاری پابەندییەكە ئەگەر نەما، پابەندییەكە خۆشی نامێنێت، ئەوسا بواری هێنانی بیردۆزی دۆخە ناكاوەكان نامێنێت.
لە كۆتاییدا داواكارم لە مامۆستایانی شەریعە و یاسا، كە بەراوردی نێوان فیقهی ئیسلامی و یاسا ڕۆژئاوایی و عەڕەبییەكان بكەن، وەك خزمەتێك بەم شەریعەتە و یاسای ئیسلامی لەڕوویەكەوە و بەدەرخستنی پێگەی شەریعەتی ئیسلامی لە ڕوویەكی دیكەوە، چونكە فەقیهەكانی ئیسلام و موجتەهیدەكان لە شەریعەتی ئیسلامی، سامانێكی فیقهی مەزنیان بۆ بەجێ‌ هێشتوین، ئەگەر بە ژیرییەكی پێگەیشتوو بەرهەم بهێنرێن بەبێ‌ دەمارگیری بۆ مەزهەبێكی دیاریكراو و پابەند نەبوون بە هەندێك نموونەی پوچ وەك ڕەفتار بە سیستەمی كۆیلە و جاریە، ئەوا فیقهی ئیسلامی بەبێ‌ پابەند بوون بە مەزهەبێكی دیاریكراو، دەبێتە سەرچاوەیەكی بەپیت، نەك هەر بۆ یاسا عەڕەبییەكان بە تەنها، بەڵكوو بۆ یاساكانی سەرجەم وڵاتانی جیهان.

په‌راوێزه‌كان:
1. لەوانە گۆڵد 1850- 1921ز، كە رۆژهەڵاتناسێكی مەجەرییەو لە بودابست و بەرلین و لیزج خوێندویەتی و چووە بۆ سوریا ساڵی 1873ز، پاشان بۆ فەڵەستین ومیسر و گەلێك لە زانایانی ئەزهەری بینیوە، دانراوی بە چەندین زمانی جیاواز هەیە دەربارەی فیقهی ئیسلامی، هەروەك هاتووە لە (الزركلی الاعلام 1/80)، بۆ چەسپاندنی ئەو بانگەشەی، هاتووە لایەنە هاوشێوەكانی نێوان فیقهی ئیسلامی و یاسای رۆمانی خستووەتە ڕوو، بێ‌ ئاگایە لەوە یان خۆی لێ‌ بێ‌ ئاگا دەكات كە ئەو هاوشێوەییە بەرهەمی هاوشێوەیی عەقڵەكانە لەرووی بەرهەمهێنانی زانستەوە.
2. ئیمبراتۆر (گۆستنیان)ی یەكەم (فلافیۆس پترۆس ساباتیۆس وستیانۆس) 483- 565، ئیمبراتۆرێكی رۆمانی رۆژهەڵاتی (بێزەنتی) بووە لە مانگی ئۆگۆستی ساڵی 527 هەتا مردنی لە نۆڤەمبەری 565 فەرمانڕەوایەتی كردووە، بە چاكسازی لەهێمای یاسایی ناونراو بە یاسای گوستنیان لەرێگەی لیژنەی تریبۆنیان و، فراوانبوونی سەربازی خاكی ئیمبراتۆریەتەكەی لە ماوەی فەرمانڕەواییەكەی و، هێنان و هاوسەرگیری لەگەڵ ئیمبراتۆر (سیدۆرا) بەناوبانگ بووەو ناسراوە، هەروەها بەناوی (دوایین ئیمبراتۆری رۆمانی)یش دەناسرێت و، قەدیس لە كڵێسای ئەرسزۆكسی دانراوەو، لە چواردەی نۆڤەمبەردا یادی دەكرێتەوەو، پاش مردنی ئیمبراتۆر (گۆستن) جڵەوی فەرمانڕەوایەتی گرتۆتە دەست.
یاسای گوێستیانی یەكەم، بریتیە لەو كۆمەڵە یاسایەی كە چەندین نەتەوەی جیاواز پەیڕەویان لێ‌ دەكرد و، ئیمبراتۆری بێزەنتی گوستنیانی یەكەم (527- 565) فەرمانی بە پیاوانی ئایینی مەسیحی كرد و لە مەملەكەتەكەیدا بە وەرگرتنی كۆمەڵێك لە یاسای رۆمانی، ئەم كۆمەڵە یاسایەش بەناوی (كوریس جوریس سیفلدا) ناسرا، كە بە واتای كۆمەڵە یاسای مەدەنی دێت هەروەك ناوی یاسای گوستنیانیشی لێ‌ نراوە.
سەرچاوە- مدونة جستنيان- ويكيبيديا- الموسوعة الحرة، انترنت.
3. بۆ زیاتر ئاگاداربوون لەم بابەتە بگەڕێوە بۆ كتێبی (اصالة الفقه الإسلامي- دراسة في العلاقة بين الفقه الإسلامي والقوانين القديمة وأصالة المبادئ والنظم في الفقه الإسلامي) دانراوی پرۆفیسۆر دكتۆر عصمت عبدالحمید بكر. لە چاپكراوەكانی: دار الكتب العلمیە، لاپەڕە 127 و لاپەڕەكانی دواتری.
4. سەیری (المقارنات التشريعية بين القوانين الوضعية المدنية ومذهب الإمام مالك) بكە، 1/29 و لاپەڕەكانی دیكە.
5. خاوەنی (المقارنات التشریعیە) 1/38 دەڵێت یاسای مەدەنی فەڕەنسی هەمووی لەمەزهەبی پێشەوا مالیك وەرگیراوە.
6. بڕوانە: (الأوضاع التشريعية في الدول العربية ماضيها وحاضرها ومستقبلها)ی پرۆفیسۆر دكتۆر (صبحی المحمصانی) لاپەڕە 185 و لاپەڕەكانی دواتر.
7. ئەحكامی زۆری دیكە هەیە كە تێیدا یاسای فەڕەنسی كەوتۆتە ژێر كاریگەری كە بوار نیە لێرەدا باسی بكەین.
8. مجلة الأحكام العدلیة، م118/3، لە ماددە 561 لە كتێبی (مرشد الحیران) هاتووە كە: (فرۆشتنی بە بەرانبەر (وفا‌ء) بریتیە لەوەی شتێك بفرۆشێت بەوەنە یان بە قەرزێك لەسەری بەو مەرجەی فرۆشیار هەركاتێ‌ ویستی پارەكەی بۆ بگێڕێتەوەو فرۆشراوەكەی وەربگرێتەوە لە كڕیار یان كە قەرزەكەی دایەوە كە لەسەریەتی وەك وەفا شتە فرۆشراوەكەی بۆ بگێڕێتەوە.
9. بریتیە لە مافی رۆیشت بەناو موڵكی كەسی دیكەدا (م142) مجلە الاحكام العدلیە.
10. بریتیە لە بەشێكی زانراو لە روبار (م143) سەرچاوەی پێشوو.
11. بریتیە لە مافی رۆشتنی ئاو و جۆگەلە لە ماڵێكە بۆ دەرەوە (م144) سەرچاوەی پێشوو.
12. لە نووسینی (مخلوف محمد البدوی) 1/181
13. سەیری (مخلوف محمد البدوی): (تعریب القانون الفرنساوی المدنی( 1/142 و دواتر بكە.
14. القانون المدني المصري، مجموعة أعمال التحضيرية ، چاپخانەی (دار الكتاب العرب) 1/20- مصادر الحق 4/100.
15. بڕوانە: (بین الحقائل وشرح كنز الرقائق) لە نوسینی (فخرالدين عثمان على الزيلعي)، چاپخانەی (الامیریە) لە بولاق، 1325ك، 4/256/ …( النيابة في التصرف القانوني) نامەی دكتۆرا لە یاسا، نوسینی (دكتۆر جاسم لفتە العبودی) كە خۆم سەرپەرشتیم كردوە لەساڵی 1990، لاپەڕە 37 و دواتر.
16. الدكتور عبدالسلام ترمانینی، نظرية الظروف الطارئة ، ص45.
17. سورە المائدە / 45.